Accessibility links

سەرەڕای مەترسی ڕەوانەکردنییان بۆ ڕواندا، کۆچبەری زیاتر هەوڵی پەڕینەوە بۆ ناو بەریتانیا دەدەن


ڕۆژی شەممە دەیان کەس بە دوو بەلەمی چووپ گەیشتنە کەناری باشووری بەڕیتانیا، ئەمەش لە نوێترین پەڕینەوەدا لە فەڕەنساوە بە ڕێی کەناڵی ئینگلیزدا بۆ بەڕیتانیا لە کاتێکدا کە لەم ساڵدا هەزاران کۆچبەر پەڕیونەتەوە.

دوو بەلەمەکە لە تەسکترین کەرتی دەریاکەدا کە فەڕەنسا و بەڕیتانیا لە یەکتر جیا دەکاتەوە دەستییان بە گەشتەکەیان کرد، کەشتیەکی هێزی دەریایی فەڕەنساش شوێنییان کەوت هەتاوەکو بەلەمەکان گەیشتنە ئاوەکانی بەڕیتانیا.

سەرنشینەکان کە زۆربەیان لە پیاو بوون، گواسترانەوە بۆ ناو کەشتییەکی هێزی پاسەوانی بەڕیتانیا لە دەرەوەی دۆڤەر.

گەیشتنی کۆچبەرەکان تیشک دەخاتە سەر ئەو قورساییانەی کە ڕووبەڕووی سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕیشی سوناک دەبنەوە لە بەڵێنەکەیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و " ڕاگرتنی بەلەمەکان "، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی بەڕیتانیا کە بڕیارە دواتر لەم ساڵدا بەڕێوەبچن.

تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە 8000 کەس بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەڕیتانیا، زۆرێک لە کۆچبەران لە دەست جەنگ یاخود برسێتی هەڵاتوون و بە ئەوروپادا گەشت دەکەن بۆ بەڕیتانیا.

سوناک هیوادارە سیاسەتەکەی بۆ ڕەوانەکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بەبێ مۆڵەت گەیشتوونەتە بەڕیتانیا بۆ ڕواندای ئەفریکا، کۆچبەران ناچار بکات بە کەناڵی ئینگلیزدا نەپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا. مانگی ڕابردوو پێنج کۆچبەر لە هەوڵییاندا بۆ پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا گیانییان لە دەستدا.

حکومەتی بەڕیتانیا هیوادارە بتوانێت یەکەمین گەشتەکان بۆ ڕواندا لە 9-11 هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکات.

وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا وتی " ژمارەی قبووڵنەکراویی ئەو کەسانەی کە بەردەوامن لە پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا بە تەواوەتی دەریدەخات کە بۆچی ئێمە دەبێت بە زووترین کات گەشتەکان بۆ ڕواندا دەستپێبکەین."

وتی " بەردەوامین لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ پۆلیسی فەڕەنسادا کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و تێکدان بوونەتەوە لە کەنارەکانییان، لە کاتێکدا کە ماندوونەناسانە کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەم گەشتە مەترسیدار و نایاسایی و ناپێویستانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG