Accessibility links

سادیق خان لە پارتی کرێکاران بۆ جاری سێیەم دەبێتە سەرۆکی شارەوانی لەندەن


سادیق خان لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا بۆ جاری سێیەم بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 61%ی دەنگەکان وەک سەرۆکی شارەوانی لەندەن هەڵبژێردرا.

سۆزان هۆڵ، لە پارتی پارێزگاران کە ڕکابەری سەرەکی سادیق خان بوو، توانی زیاتر لە 26%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

خان لە ساڵی 2016 دا جێی بۆریس جۆنسنی گرتەوە وەکو سەرۆکی شارەوانی لەندەن و لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو وەکو کەسایەتییەکی یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە.

لە کاتێکدا کە لایەنگرەکانی دەڵێن خان چەندین دەستکەوتی خۆی هەبووە، لەوانەش فراوانکردنی دروستکردنی خانوو، دابینکردنی ژەمە خۆراک بە خۆڕایی بۆ منداڵانی قوتابخانەکان، پاراستنی نرخەکانی گواستنەوە و بە شێوەیەکی گشتی پشتگیریکردن لە گروپە کەمینەکانی ناو لەندەن، ڕەخنەگرانی دەڵێن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا تاوانەکان زیادییان کردووە، هەروەها دژی ئوتومبێل بووە و بە شێوەیەکی ناپێویستیش ڕێگەی بە ڕێپێوانەکانی لایەنگرانی فەلەستینییەکانی داوە و دەڵێن ئەوە ئێستا بووەتە شتێکی ئاسایی لە هەموو کۆتایی هەفتەیەکدا.

سەرکەوتنی خان نیشانەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە بەڕیتانیادا. ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا دووبارە ببێتەوە، ئەوا پارتی کرێکاران بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2010 ەوە پارتی پارێزگاران لەسەر دەسەڵات لادەبەن.

سەرکردەی پارتی کرێکاران کایەر ستارمەر وتی " سادیق خان بە تەواوەتی بەربژێرە ڕاستەکەیە. دوو جار وەکو سەرۆکی شارەوانی دەستنیشان کراوە و منیش متمانەم بەوە هەیە کە سێیەمین خولی سەرۆکایەتییەکەی لەبەردەمیدایە."

ڕۆژی شەممە سەرۆک شارەوانییەکانی پارتی کار لە لیڤەرپووڵ و مانچستەر و وێست یۆرکشێر دووبارە هەڵبژێردرانەوە، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پارتەکە کۆنتڕۆڵی ئەو ئەنجومەنانەی سەرانسەری وڵاتەکەی کرد کە چەندین دەیەیە کۆنتڕۆڵی نەکردوون.

ستارمەر وتی پارتەکەی کێشەی هەبووە لەگەڵ دەنگدەرە موسوڵمانەکاندا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامەکان ئەرێنی بوون. بڕیارە دواتر لەم ساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە بەڕیتانیادا بەڕێوەبچێت.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکی سەر بە پارتی پارێزگاران دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر ڕێکەوتی هەڵبژاردنەکان بدات، ئاماژەشی بەوە داوە کە هەڵبژاردنەکان لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 دا دەبێت. ستارمەر داوای لێکردووە چاوەڕێ نەکات.

ستارمەر ڕۆژی شەممە وتی " ئێمە بێزار بووین لە دووبەرەکییەکەت، لە پشێوییەکەت، لە شکستەکەت. ئەگەر وڵاتەکەت خراپتر لەوەی کە 14 ساڵ لەمەوبەر بینیوتە بەجێ بهێڵیت ئەوا شایستەی ئەوە نیت بۆ یەک ساتی دیکە لە حکومەتدا بیت."

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لە ناوچەکانی بەڕیتانیا گرنگ بوون بۆ خۆشییان، لە کاتێکدا کە دەنگدەران بڕیارییاندا کێ زۆربەی کارەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، چاککردنەوەی شەقامەکان و ڕێگریکردن لە تاوانەکان.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG