Accessibility links

یەڵین دەڵێت هەڕەشەکانی سەر دیموکراسی مەترسین لەسەر گەشەی ئابووریی ئەمەریکا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین دەڵێت دیموکراسییەکی شکاو دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕووخێنەریی لەسەر ئابووریی هەبێت، ئەوەش لە لێدانێکی ڕاستەوخۆدا دژی دانۆڵد ترامپ.

ڕۆژی هەینی یەڵین لە وتارێکدا لە ئاریزۆنا ئەم لێدوانەیدا و داتا ئابوورییەکانی بەکارهێنا بۆ کێشانی وێنەی ئەوەی کە چۆن پشتگوێ خستنی پڕۆسە و دامەزراوە دیموکراسییەکانی ئەمەریکا دەتوانێت ببێتە هۆی وەستانی گەشەی ئابووریی بۆ چەندین دەیە.

یەڵین کە بە دەگمەن دەچێتە گۆڕەپانە سیاسییەکەوە، لە وتارەکەیدا بۆ کۆڕبەندی سێدۆنای دامەزراوەی مککەین ناوی ترامپی نەهێنا، بەڵام ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی ترامپدا ئەگەر جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.

لێدوانەکانی وەکو هۆشدارییەکن بۆ خاوەن کارە دیارەکان کە ڕەنگە چاوپۆشی بکەن لە پشتگوێ خستنی بەها دیموکراسییە نوێیەکان لەلایەن ترامپەوە، چونکە ئەوان دیدی ترامپییان پێ باشترە کە بریتییە لە بە دەستهێنانی گەشەی ئابووری لە ڕێی کەمکردنەوەی باج و لابردنی ڕێکارە یاساییەکانەوە.

یەڵین دانی بەوەدانا کە دیموکراسی " بوارێکی ئاسایی نیە بۆ وەزیرێکی خەزێنە "، بەڵام وتیشی " دیموکراسی گرنگە بۆ بونیادنان و پاراستنی ئابوورییەکی بەهێز."

یەڵین وتی " ئەو قسەیەی کە دەسەڵاتداران و بەرگریکارانییان دەیکەن لەسەر ئەوەی کە پشتگوێ خستنی دیموکراسی شتێکی دادپەروەرانەیە یاخود بازرگانییەکی پێویستە بۆ دەستکەوتی ئابووری، کەموکورتی زۆری تێدایە." وتی " کەمکردنەوەی دیموکراسی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بناغەی گەشەیەکی بەردەوام و گشتگیر." ئاماژەی بە توێژینەوەیەکدا کە دەڵێت بە دیموکراسیکردن داهاتی بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەکات.

یەڵین ئاماژەی بە هێرشەکەی 6 ی مانگی 1 ی ساڵی 2021 دا بۆ سەر بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا و وتی لەو کاتەدا دیموکراسی کەوتە مەترسییەوە. وتی " پشێویکاران کە بە درۆیەک هاندرابوون هەڵیانکوتایە سەر کاپیتۆڵ." ترامپ کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دزراوە لێی، بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامەکان دادگایی دەکرێت، ترامپ ڕەتی دەکاتەوە کاری هەڵەی کردبێت.

هاوکات یەڵین باسی لە هەڕەشەکانی سەر دیموکراسی کرد لە جیهاندا، لەوانەش داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG